ھەنجیر
ھەنجیر ئەو میوەیەیە کە لە وڵاتانی باشووری رۆژئاوای ئاسیا و وڵاتانی سەر بە دەریای ناوەڕاست ( لە ئەفغانستانە تا پورتوگال ). درەختی ھەنجیر بەرزییەکەی لە (٥م)ەوە تا (٩-١٠م) گەشە دەکات. ھەنجیر میوەیەکی خۆشی وەرزی ھاوینە و میوەیەکی پڕ کانزایە ، بە تەڕی و بە وشکی دەخورێت ، ھەنجیر لە خێزانی تووەکانە ، ئەو میوەیە وەکو میوەکانی دیکە نییە لە ڕووی خواردنەوە، تا بە تەواوی بێ نەگات ناخورێت ، خوای گەورە سورەتێکی بە ناوی ھەنجیر لە قورئانی پیرۆز دا ناردووە ، سوێند خواردنی خودای گەورە بەم میوەیە، گرنگی دانە بە سوودەکانی ئەو میوەیە و زەیتون.
بۆیە ھەرچەندە بە دوایدا بچیت، ڕوونتر دەبێتەوە کە سوودێکی یەکجار زۆری وەک خواردنی بۆ مرۆڤ ھەیە . ھەنجیر لەسەرتاسەری کوردستان دا ھەیە، وەک ھەندێ سەرچاوە ئاماژەی پێ دەکەن نیشتیمانەکەی کوردستان و وڵاتانی دەورووبەرە، ھەنجیر لە ھەموو وڵاتانی جیھان دا چاندراوە و باوە . بەڵام ئەو ناوچە و وڵاتانەی زستانیان فێنکە ، بە شێوەیەکی گشتی پتر گەشەی لێ دەکات چونکە ئەو شوێنانەی بەستەڵەکیان ھەیە، درەختی ھەنجیر تووشی وشک بوون و لەناوچوون دەکات.
ھەندێ جۆری ھەیە لە قەد شاخەکان گەشە دەکات ، لە زۆرینەی ناوچەکانی کوردستانی گەورە چاندراوە، ھەروەھا لە وڵاتانی دەوروبەری کوردستان بە ڕووبەری فراوان ڕوێندراوە بە تایبەتی لە تورکیا و ئێران و وڵاتانی عەرەبی وەک سووریا و ئەردەن و شوێنەکانی دیکە . بە درێژایی ئەو ساڵانەی دوایی خوارووی عەرەبەستانی سعوودی بڕێکی زۆری بەروبوومی ھەنجیر بەرھەم دەھێنێت، دەتوانین بڵێین تێرای بازاڕەکانیان دەکات . دیارە لە کوردستانیش وەک سەرچاوەیەکی داھاتی جووتیاران سوودێکی زۆری لێ وەردەگیرێت ، توانیویانە وەک پیشەسازی کشتوکاڵ جۆرەکانی ھەنجیری وشک و دروستکردن مرەبا بەکاری بھێنن لە ناو قوتووی نایلۆن بە شێوەیەکی بازرگانی زۆر جوان و خاوێن ڕەوانی بازاڕەکانی وڵاتانی دەرەوە بکرێت ، بەڵام لە باشووری کوردستان ، بەشی زۆری لە کاتی پێ گەیشتنی وەک بە تەڕی لە سنوورێکی زۆر تەسک وشک دەکرێتەوە ، وەک لەتکە ھەنجیر و داوە ھەنجیر و نانی ھەنجیر ، لە وەرزی زستان دا دەخرێتە بازاڕەوە، ھەنجیر زۆر جۆری ھەیە لە ڕووی تام و ڕەنگ و کاتی پێگەیشتنی ، لەوانە زەردە ھەنجیر ، ڕەشە ھەنجیر ، ھەنجیری مۆر، سپییە ھەنجیر ، سەوزە ھەنجیر ، لە ڕووی قەبارەوە نێرە ھەنجیر پێش ھەموو جۆرێکە.
سودەکانی ھەنجیر
[دەستکاری]ھەنجیر بڕێکی زۆر کانزا و پێکھاتە بەسوودەکانی تێدایە بۆ جەستەی مرۆڤ و بەشداری دەکات لە دروستکردنی خرۆکە سوورەکانی خوێندا و کانزای مەگنسێوم بە جەستە دەبەخشێت ،ھەوڵبدەن لە ژمی بەیانیاندا ھەنجیر لەسەر سفرەکانتان ھەبێت ،لە گرنگترین سوودەکانی ھەنجیر:
1-سەرچاوەیەکی باشی کانزا و ڤیتامینە پێویستەکانە بۆ جەستەی وەک ڤیتامین بی شەش ،و کالسیۆم و پۆتاسیۆم و جەستە چالاک دەکات .
2-رێگری دەکات لە زیاد بونی کێش و چارەسەرە بۆ قەبزی بەھۆی ئەوەی بڕێکی باش ڕیشاڵ لە پێکھاتەیدا ھەیە .
3-کۆلیسترۆل و چەوری خوێن دادەبەزێنێت .
4-ئێسکەکان دەپارێزێت ،ھەر دەنکێک ھەنجیری قەبارە مامناوەند بڕی 79 میلیگرام کالسیۆم لە پێکھاتەیدا ھەیە و توانایەکی باشی ھەیە لە بەھێزکردنی ئێسکەکاندا .
5-جوڵەی گەدە ئاسان دەکات و بەھۆی بونی پێکھاتەی شەکری ساددە تیایدا .
6-سەرچاوەیەکی باشی پێکھاتەی دژە ئۆکسێنەرەکانە:کوپێک ھەنجیر بڕی %50 پێکھاتەی دژە ئۆکسێنەرەکان بۆ جەستە دابین دەکات بەمەش خانەکانی جەستە دەپارێزێت و ڕێگری دەکات لە ڕودانی ھەر گۆڕانکاریەک لە خانەکانی جەستەدا .
7-مێشک بەھێز دەکات و دەمارە خانەکان چالاک دەکات .
8-ڕێگری دەکات لە توشبون بە ھەستیاری پێست
سەرچاوە (1)
جۆرەکانی ھەنجیر لە کوردستان دا
[دەستکاری](احیا بەگی ، ئەرزنی ، قەرانی ، دریک ، دیم(بوکتکا) ، ریباری ، بێناتی ، شنگاریی ڕەش ، شێنک (تێک بەر) ، ھێژیرا ڕەش ، تەفسک ڕەش ، رێخک ، تەفسک سپی ( دووبەر) ، شێک (دووبەر) ، شنگاری سپی ، ریحانی ڕەش ، ھیژیرا دیرک یا ئاڤی ( خواردنی) ، بایە ، بەیلامالی ، وەزیری ، ھەنجیرە ڕەش ، ھەنجیرە کێویلکە و چەند جۆری دیکەش لە دەڤەرە جیاجیاکانی کوردستان دا ھەن .
لە ناوەڕاستی مانگی مایس تا مانگی حوزەیران بەردەوام دەبێت ، قەبارەی زۆر گەورەیە ، لە ھەندێ شوێن دا پیی دەڵێن ھەنجیری باینجان ، چونکە کەمێک لە باینجان دەچێت ، بەڵام بە ھەنجیری ژەنگار ناوی دەرکردووە جۆرە ھەنجیرەکانی دی لە دوای مانگی گەلاوێژ پێ دەگەن ، لە کوردستانی باشوور ئەو جۆرانەی بە ناوبانگن وەک ھەنجیری ژەنگار ، ئاکرێ ، تەقتەق ، شەرەبۆت ، .... زۆر شوێنی دی لە سلێمانی و کەرکووک.
لە ھەندێ سەرچاوەی زانستی ھەندێ ناوی دیکەی ھەنجیر باسکراوە وەک ئەمەریکی ، ئەزمیری ، سادە ، کێوی ، ھەندێ جۆری دی ھەن بە تامەکانیان ناو دەبرێن ، وەک وردە ھەنجیر کە تامی زۆر خۆشە لە ڕووی بازرگانییەوە زۆر ڕەواجی ھەیە . گەڵای ھەنجیر لەگەڵ بەرەکەی لە کاتی لێکردنەوەی ئاوێکی لینجی سپی دەردەکات ، زۆر جار دەبێتە ھۆی پەیدابوونی ھەستیاری لە دەستی ئەو کەسانەی ھەنجیر دەڕنن ، بۆیە نابێ ھەنجیر بڕندرێ تاکو بە تەواوی پێ نەگات.
پیشەسازی ھەنجیر
[دەستکاری]لەبەرئەوەی ھەڵگرتنی ھەنجیر زەحمەتە ، یاخود بۆ کاتی درێژ ھەڵناگیرێت ، بۆیە زۆربەی لە ڕێگای وشک کردنەوە دەبێت . ھەنجیر بەتەنیا بەرەکەی ناخورێت ، بەڵکو گەڵاکەشی دەخورێت : چونکە کانزای زۆری تێدایە ، بە تایبەتی ئاسن ھەروەھا بڕێک پرۆتینی باشی تێدایە ھەرچەندە لە لای خۆمان سوودی لێ وەرناگیرێت تەنیا لە کاتی کۆکردنەوەی بەروبوومی ھەنجیر گەڵاکەی لە ژێر سندووقەکان دا و لەسەرەوەی دادەنرێت ، بۆ خاوێنی و مانەوەی شێداری لە ھەنجیرەکە . چونکە گەڵاکەی چەند ڕۆژێک دوای لێکردنەوەی بە تەڕی و شێداری دەمێنێتەوە . ھەنجیر میوەیەکی بەسوودە ، چونکە چەند جۆرە کانزای تێدایە ، بەشی زۆری تامێکی شیرینی ھەیە ڕێژەی شەکر تێیدا دەگاتە %١٩ و وزەیەکی گەرمی زۆر باشی تێدایە ، ئەوەیە لە میوەکانی دی جودای دەکاتەوە ، ئەوەیە ڕێژەی کالسیۆم و فسفۆری تێدا زۆرە و سوودی بۆ دروست کردنی ئێسک ھەیە . کە باس لە ھەندێک خۆراک دەکرێت وەک شیر کە ڕێژەی کالسیۆم لەھەر ١٠٠ گرام دا ٩٠ ملگم کالسیۆمی تێدایە ، ھەروەھا لە پاڵ ڕێژەی کالسیۆم ، فسفۆڕیشی تێدایە ، بۆیە ھەنجیر بۆ خواردن شان بە شانی شیرە لە سوودەکانی دا . ڕێژەیەکی چاکی ئاسن و مەگنسیۆم و ڤیتامین (A) و (C) و ترشەڵۆکی فۆلیک و زینگ و سۆدیۆم و ڕێژەیەکی پۆتاسیۆمی بەرزی تێدایە ھەروەک لە سەرچاوەکان دا ھاتووە.
ڕواندنی ھەنجیر
[دەستکاری]ھەنجیر کۆنترین درەختە لە ڕووی زەمین ، درەختێکە لەگەڵ دەست پێ کردنی وەرزی سەرما گەڵاکانی دەوەرێت ، ھەندێک جۆریان ھەن قەبارەی دارەکانیان زۆر گەورە دەبێت چ وەک قەدێکی ئەستوور ، چ وەک کۆزکردن بەھۆی شین بوونەوەی برالەکانی ، دارێکە لە زۆر سەرچاوە زانستییەکان باسی لێوە کراوە ، لەو ناوچانەی نیمچە فێنکن ، گەشە دەکات بۆیە لەو ناوچانە پتر دڕوێنرێت . بەتایبەتی ئەو دارانەی قەبارەیان ناوەنجییە ، لە لایەن میسرییە کۆنەکان لە دێر زەمانەوە ڕوێندراوە ، لە زۆر شوێنی پەرستگا و گۆڕستانەکانیان و لەسەر دیوارەکان ، وێنەی ھەنجیر کراوە . بۆیە لە زۆربەی ناوچەکانی میسر بە ڕووبەری فراوان داری ھەنجیر ڕوێندراوە ، بە تایبەتی لە لێوارەکانی باکووری ڕۆژئاوا و باکووری سینا و ھەندێک لە پارێزگاکانی کەناری نیل.
ئەوەی پێویسە تێبینی بکرێت و لەبەرچاو بگیرێت . کەش و ھەوا ، زەوی لەبار ، جۆرەکانی بازرگانی و ڕیگای ڕواندن و قەڵاچۆکردنی گژوگیا و ئاودێری و ھەڵپاچین و کۆکردنەوەی بەروبوومەکان ھەروەھا کۆمەڵێ ھۆکاری سەرکەوتنی ڕواندنی ھەنجیر و چەند و چۆنی بەروبوومەکەی و نرخ و شێوەی پیشەسازی ، ئەوانەی ھەموو فاکتەرن بۆ گەشە سەندنی ڕەزگەری داری ھەنجیر.
کەش و ھەوای لەبار
[دەستکاری]درەختی ھەنجیر بە ھەندێک خەسڵەت لە ڕووەکەکانی تر جیا دەکرێتەوە ، کە لە ژێر ناوەڕاستی مام ناوەنجی گەشە دەکات ، توانای بەرگریی لە بەرز و نزمی پلەکانی گەرما تا ڕادەیەکی زۆرە ، بەڵام باشترین پلەی گەرما بۆ گەشە کردن نێوان پلەکانی (٢٩ - ٣٧)ی سەدییە لەگەڵ ئەوەی یەکەکانی پلەی ساردیی پێویست سنووردار نەکراوە بۆ چرۆکانی داری ھەنجیر لە خولی متبوونی زستانە زۆرینەی جۆرەکانی ھەنجیر پێویستیان بە ڕێژەیەکی بەرز ھەیە ، شێی ھەوا دەبێتە ھۆی کەوتنە خوارەوەی بەری ھەنجیر ، بەرز بوونەوەی پلەی گەرما زۆر کاردانەوەی لەسەر دار ھەنجیر ھەیە بۆیە وا چاکە لەو شوێنانەی زۆر گەرمن ، لقەکانی داری ھەنجیر بە ماددەی گەچ سواخ بدرێت تا تووشی سوتانەوەی قەدەکان نەبێت ، سروشتی ھەنجیر بە شێوەیەکی زۆر ئاو بزر دەکات ، لە ھەندێک کاتی بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی دا ئاوی ھەڵچوو بەوە ڕاناگات کە گەڵاو قەدەکانی ھەنجیر بزری دەکەن ، بە تایبەتی بای لەگەڵ دا بێت.
زەویی لەبار
[دەستکاری]درەختی ھەنجیر لە زۆرینەی پێکھاتەکانی جۆرەکانی زەوی گەشە دەکات . بەرووبوومی ھەنجیر لەو زەوییانەی زیخاوین قەبارەیان گەورە دەبێت و زۆر لایەنی پێکھاتەی باشی لێ بەدەست دێت . بەڵام تەمەنی دارەکان درێژ نابن و تووشی نەخۆشی و لاواز بوون دێن بە ھۆی نەخۆشی نیماتۆداوە ، ھەروەھا لەو زەوییانەی گڵەسوورن ، بە مەرجێ ئاو لەناو زەوییەکە نەمێنێتەوە زیاتر شین دەبن
جۆرەکانی بازرگانی
[دەستکاری]ھە نجیر ، لەو وڵاتانەی لێیان ڕوێندراوە بۆ چەند کۆمەڵەی سەرەکی دابەش دەبن ، وەک:-
ھەنجیری ڕەمەکی
[دەستکاری]ئەو جۆرە ھەنجیرانە بەردەگرن بێ ئەوەی پێویستیان بە چاکردن ھەبێت ، ئەو جۆرە ھەنجیرە زۆر کۆمەڵە لە خۆ دەگرێت ، ئەو کۆمەڵە دوو جار لە ساڵێک دا بەر دەگرێت ، جارێکیان پێی دەڵێن بەری سەرەتا ، دووەمیان پێی دەڵێن بەری سەرەکی ، ھەروەھا دوو جۆریان بێ ئەوەی گوڵ بکات گرێلە دروست دەکەن پاشان دەبنە ھنجیر ، ھەندێک لەو گرێلانە فڕێ دەدات بەڵام بەشی زۆری پێ دەگات و دەبێتە ھەنجیر. زۆرینەی ئەو جۆرانە بە تەڕێ دەخورێن ، بەڵام ھەندێکیان لەتکە ھەنجیر و مرەبا و نانە ھەنجیرییان لێ دروست دەکرێت . تام و بۆیان زۆر خۆشە بە تایبەتی لە وەرزی سەرما دا وزەیەکی چاک بە مرۆڤ دەبەخشێت.
ھەنجیری ئەزمیری
[دەستکاری]ئەو جۆرە ھەنجیرە لە زۆر شوێندا بە ناوبانگە ، بەشی ھەرە زۆری بەروبوومی ئەو جۆرە وشک دەکرێتەوە ، بەڵام جیاوازیی ئەو جۆرە لەوەدایە کە بێ چاک کردنی دەنکە ھەڵاڵەکانی بەر ناگرێت ، کە لەو جۆرە دارە چاککراوانە پەیدا دەبن.
أ- کۆمەڵەی ھەنجیری کێویلە. ب- ھەنجیری کێوی.
دارەکانی گوڵی نێر دەگرن، دەنکە ھەڵاڵە بەرھەم دەھێنن ، بە ھۆی مێروولەی (بلاستۆفاجا)دەگوازرێتەوە بۆ گوڵە مێینەکانی داری ھەنجیری ئەزمیری ، چاک بوونەکەی ، بە شێوەی تری دەنکە ھەڵاڵەکانی گوڵە نێرینە دەبێت ، کە لە ناو سەبەتە دادەنرێت ، پاشان مێروولەی (بلاستۆفاجا) لەسەریان دەنیشێت و دەیانبات بۆ سەرگوڵە مێیینەکانی دارەکە، بەھەمان شێوە چاک دەبێت و دەبێتە ھەنجیری گریلە ، لە زۆر وڵاتان ھەوڵ دراوە ئەو جۆرە دارە زۆربکرێت و بڕوێندرێ بەڵام سەرکەوتنی چاکی بەدەست نەھێناوە ، ھۆکارەکەشی بۆ لێ ڕانەھاتنی مێرووی (بلاستۆفاجا) یە ، کە ناژیت.
بەڵام دەکرێت کۆلێژەکانی کشتوکاڵ لە کوردستان دا ئەو ئەرکە بخەنە ئەستۆی خۆیان ، چونکە ناوچەکانی کوردستانی باکوور ھیچ جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ باشووردا نییە.
ڕێگاکانی ڕواندنی ھەنجیر
[دەستکاری]زۆر ڕێگا ھەن بۆ دروستکردنی رەزی ھەنجیر لەو شوێنانەی ئاودانیان ھەمیشەییە. ئەو ڕەزانەی ئاسایین کە لە ھەمان شێوەن ، نێوان دارێک لەگەڵ دارێکی تر (٤م X ٤م) دەبێت، قەبارەی ئەو دارانە گەورەن لەھەر لایەکی لق و پۆپ بڵاوە دەکات ، ئەوەیان شێوە زانستییەکەیەتی ، بەڵام ڕواندنی چڕ و پڕ ھەیە، نزیکی ڕواندنی دارەکان لە یەکتر ( ٢م X ٢م) دەبێت ، ئەوەش بۆ ئەوەیە قەبارەی بەژن و باڵای دارەکان بە بچووکی بمینێتەوە.
ھەروەھا شێوەی تریش ھەیە ، پێی دەڵێن رەمەکی ، ئەو جۆرە شێوازێکی دیاری نییە ، بەڵکو دارەکان ھێندە نزیکن تێک ئاڵاون ، بۆ ئەو جۆرە ڕەزانە زۆر ئاستەنگی دێتە پێش ، چ لە کاتی ئاودان یان بژارکردن یان کۆکردنەوەی بەروبوومەکەی . ھەروەھا ناتوانرێت قەڵاچۆی نەخۆشییەکانی بکەیت. ئەو شێوەیە لە دێر زەمانەوە وەک ڕێگایەک بۆ چەند ساڵێک بەروبوومەکەی ھەبووە، پاشان دارەکان نەخۆش دەکەون تا ئێستاش ئەو جۆرە ڕەزانە لە کوردستان دا ھەن.
پەینکردنی ڕەزی ھەنجیر
[دەستکاری]پێویستە ئەوەی ڕەزی ھەنجیری ھەیە ، بە تەواوەتی ڕێنمایی زانستی لەبەرچاو بگرێت ، چونکە ئەگەر پێدانی پەینی پێویست و ئەو ڕێژانەی دایری دەکرێت بەپێی پێویسی نەبێت ، بۆ ئەو زەوییەی ڕەزی ھەنجیری لێ کراوە ، کاردانەوەی خراپی لێ دەکەوێتەوە.
چونکە پەینیی ئاژەڵ یان پەینیی کیمیایی ، ڕادەکەی ئەگەر بە شێوەیەکی پێویست نبێت ، کار دەکاتە سەر ڕێک و پێکی بەرووبووم و سەوزبوونی درەخت، بەرنامەی پەیین کردنی داری ھەنجیر ( ١٥ – ٢٥ ) مەتر سێجا دەبێت بۆ ھەر دۆنمێک ، ھەروەھا ھەمان ڕێژە بۆ جۆرەکانی دیکەش ، پەینیی سۆپەرفۆسفات لەگەڵ یەک مەتر سێجا تێکەڵاو دەکرێت لە وەرزی زستان دا دەدرێتە دار ھەنجیر راکو بەروبوومەکەی چاک و زۆر بێت.
ھەروەھا پێویستە پەینیی کانزایی بە ڕێژەی (٨٠ ١٠٠گم) ئازۆتی خاوێن بۆ ھەر درەختێک ، بۆ یەک جار لە وەرزی بەھار لە مانگی ئادار و گوڵان دەدرێتە دارەکان، دوایی لەگەڵ گڵەکە تێکەڵاو دەکرێت ، بەڵام پۆتاسیۆم بۆ ھەر فەدانێک بە ڕێژەی ٥٠ – ٧٥ گم دەدرێتە ڕەزی ھەنجیر.
ھەڵپاچینی ھەنجیر
[دەستکاری]لە ڕاستیدا ھەنجیر ھەلپاچینی ناوێت ، پەروەردەکردنی وەک جۆرەکانی دیکەی میوە نییە تەنیا دوو ڕێگاش ھەیە بۆ پەروەردەکردنی ھەنجیر:-
- ڕێگای کراوە:-
ئەو ڕیگایە یە کە پەروەردەی ھەنجیری پێ دەکرێت ، کە نێوان دارەکان کراوەبن ، ئەگەر دارەکان بە تەنکی ڕوێندرابوون واتا دارەکان کەمێک لێک دوور بوون.
- ڕێگای ساڵانە:-
زۆر ڕێگا بەکارھاتوون بۆ ھەڵپاچینی داری ھەنجیر ، بەڵام ھەر وڵاتێک شێوەی خۆی ھەیە ، ھەروەھا ھر جۆرێک تایبەتمەندێتی خۆی ھەیە ، بۆ کردارەکانی ھەڵپاچین وا باو بووە ڕەزی کۆن ھەڵپاچینی لە زستان دا بۆ نەدەکرا. بەڵام ئێستا ڕێنمایی و ئامۆژگارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو لقانەی تەمەنیان لە ساڵێک پتر نییە لە وەرزی زستان وا چاکە ھەڵبپاچرێن ، ھەروەھا بە چاکی دەزانن کە ھەڵپاچینی کورت پەیڕەو بکرێت ، واتا چۆن ھەڵپاچینی دیکەی ساڵانە دەکرێت ، بە ھەمان شێوە بکرێت ، تەنیا ھەنجیر جیاوازییەکی لەوەدایە ، لقە بچووکەکان ھەڵپاچینی بۆ دەکرێت تا بەروبوومێکی چاک و زۆر بدات.
کۆ کردنەوەی بەروبوومی ھەنجیر
[دەستکاری]ھەنجیر جیاوازیی ھەیە لەگەڵ زۆربەی میوەکانی دیکە دا ، کە بە درێژایی وەرزی بەرگرتن ، بەرەکەی پێ دەگات ، دەکرێت بەرەکەی کۆ بکرێتەوە . چونکە بەری ھەنجیر زوو تێک دەچێت ، ئەگەر لە کاتی خۆیدا نەبێت . تەنیا ئەو جۆرانە نەبێت کە دەکرێت بڵێین نوێن . کە بەرەکەیان بۆ ووشک بوونەوە بەکاردێت ، کاتی پێگەیشتنی بەرەکەی دیاری دەکرێت ، چەند پێوانەیەکی تایبەتی ھەیە ، وەک گەیشتنی بە قەبارەی تەواو ، ڕەنگی توێکڵەکەی دەرەوەی ، شل بوونی بەرەکە، لەبەر ئەوە دەبێت ھەر دوو رۆژ جارێک بەرەکەی کۆ بکرێتەوە و بخرێتە ناو سندووقی تایبەت چونکە پلەکانی گەرما ناگەنە ئاستی پێویست یاخود بەسەر دەچێت. بەروبوومی ھەنجیر جیاوازییەکەی بۆ باری ژینگە و چاودێری و جۆر و خەسڵەتی ئاخ و گڵەکە و ڕێگاکانی پەروەردە بەگشتی دەگرێتەوە، ڕەزی ھەنجیر لەھەر فەدانێک بەگشتی ئەو بەروبوومەی ساڵانە دەیدات لە نێوان ( ٢ – ٧) تەن دەبێت.
سەرکەوتنی ھەنجیر ، ھۆکارەکانی بەرگرتن
[دەستکاری]- سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی ھەنجیر بەستراوە بە تەواوبوونی گەشەسەندنی دارەکە ، کە بەرەکە ھەر دەمێنێت تاکو گەڵاکانی لە کۆتایی پاییز دا بە شینی دەوەرن.
- داری ھەنجیر لە ھەموو ناوچەیەک سەرکەوتوو نابێت ، ئەوەش بەستراوەتەوە بە جۆرەکانی کە ھەندێکیان لە ھەندێک کەش و ھەواو جۆری ئاخ و گڵ ، دەڕوێن . مامەڵەی ڕەزی ھنجیریش بە ھەندێک ھاندەر بکرێت ، تاکو خەسڵەتەکانی بگۆڕدرێت وەک ھاندەری جبرالین.
- تووش بوونی لق و پۆپ بە مێرووی ھەنجیر یان نەخۆشی ، کە تووشی گەڵاکان دەبێت ، ئەمەش دەبێتە ھۆی وەرینی گەڵاکان.
- بۆ سەرکەوتنی بەری ھەنجیر ، نابێت ھەنجیر بێ ئاو بکرێت واتا لە وەرزی بەرگرتن پێویستە ئاوێکی تێر و تەسەلی بدرێتێ ، بەتایبەت ئەو ڕەزانەی نەزۆکن واتا فێری ئاودان کراون بە تایبەت لە ناوچانەی کە بە باران ئاو دەدرێن .
- پێویست دەکات ئەو شوێنانەی ھەنجیریان لێ دەڕوێندرێت ، پلەکانی گەرما بە شێوەیەک بێت ، کە بەری ھجیر بێ بگەیەنێت . ھەروەھا گەشەسەندنی درەخت بە درێژایی وەرزی بەرگرتن تا کۆتایی پاییز ، وا لەبار بێت بەرەکەی بە چاکی پێ بگات، بە تایبەتی لە شەوانی ساردی پاییز دا.
پێکھاتەی ھەنجیر
[دەستکاری]بەری ھەنجیر وەک لە سەرەتا دا باسمان کرد میوەیەکی خۆشە و پێکھاتەی بەرەکەی بە ڕێژەی زۆری ئاوێتەی زۆری تێدایە، وەک کاربۆھیدرات و ئاوێتەی کالسێۆم کە سوودێکی گەورەی ھەیە بۆ دروستکردنی ئێسک لە لەش دا ھەروەھا ئاوێتەی ئاسن کە ڕاستەوخۆ ، خوێن پێک دەھێنێت. زۆر ڕێگا ھەن بۆ زۆر کرنی ھەنجیر وەک:-
- بە تۆو:-
دوای ئەوەی ئەو جۆرانەی کە مەبەستە زۆر بکرێن بەپێی پێویست ، کۆ دەکرێتەوە بە مەرجێک پێگەیشتبن ، پاشان وشک دەکرێنەوە ئینجا تۆووەکەی جیا دەکرێتەوە و دەخرێتە ناو خۆڵەمێش یاخود ناو ھەندێک ماددە کە دەیپارێزێت ، دواتر تێکەڵاو دەکرێت و لە شوێنی بێ شێ ھەڵدەگیرێت ، تاکو سەرەتای مانگی ڕەشەمێ لەناو سندووق یان لەناو دووکان دا دەچێنرێت بە مەرجێک زۆری پێکھاتەی گڵەکەی زیخ بێت و ناوە ناوەش بە ڕشاندنی زۆر ورد ئاو بدرێت تاکو چەکەرە دەکات. لە تەمەنی یەک ساڵی دا دگوازرێتەوە بۆ شوێنی ھەمیشەیی.
- بە نواندن:-
ئەو ڕێگایەش بە نواندنی ئەو برالانە دەبێت ، کە قەدەکانیان شلە لە تەک درەختی دایک ، لەسەرەتای وەرزی بەھار و ساڵی یەکەم دا، دەخرێتە ژێر زەوی تا کۆتایی وەرزی زستانی ساڵی دووەم کۆمەڵێ ڕەغ و ڕیشە درووست دەکات ، پاشان لە درەختی دایکانە جیا دەکرێتەوە لە شوێنی ھەمیشەیی دا دەڕوێنرێت ، دەکرێت لە سەرەتای پایزی ساڵی یەکەم دا لە درەختی دیکانە نیوە بڕ بکرێت ، تاکو پتر ڕەغ دروست باکت، بەڵام یەگەر ھەندێک زەوییەکە بێ ئاو بوو ووشک دەبێت بۆیە وا چاکە ساڵی دوایی ببڕدرێت و جیا بکرێتەوە.
- پەل:-
ڕێگای پەل ئاسانترین ڕێگایە بەتایبەتی لە لق و پۆپانەی کە سەوز بوون ، بەڵام تەمەنی لە ساڵێک گەورەتر نەبێت ڕێژەی سەرکەوتنی لەناو سندووق %٩٩ دەبێت، بە مەرجێک ڕێژەی (زیخ) ١٠/٨ بێت لە شوێنی نیمچە سێبەر بێت، ھەروەھا بێ ئاو نەکرێت ، پاشان نابێت پەلەکان (١٥سم) درێژتر بێت تەنیا یەک چرۆ لەسەر ڕووی ڕواندنەکە بێت. بەڵام بۆ ڕواندنی لە ناو زەوی دا ، دەکرێت تا (٣٠سم) درێژ بێت ، وا چاکترە ئەگەر بڕینی پەلەکە لە ژێر گرێ بێت ، ڕاست ببڕدرێت ، ئەگەر بڕینەکە لەسەرەوەی گرێ بوو دەبێ لانیو ببڕدرێت.
چارەسەر بە ھەنجیر
[دەستکاری]- بۆ چارەسەرکردنی قەبزی بە تایبەتی بۆ ئافرەتانی حامیلە (سکپڕ) دەبێت (4) ھەنجیری ووشک لە ناو ئاو نەرم بکرێتەوە لە یەک کوپی ئاو تا کاتی ئێواران ئینجا بەیانیان دەخورێت لەگەڵ خواردنەوەی ئاوی گیراوەکە پێش نان خواردنی بەیانیان.
- کوڵاوی گەڵای داری ھەنجیر باشە بۆ ڕێکخستنی ڕێژەی خووی مانگانە (عادە)ی ئافرەتان و باشە بۆ چارەسەرکردنی کۆکە.
- باشە بۆ غەرغەرەی ناو دەم دژ بە ھەوکردنی میکرۆبی ددان و پووک.
- کوڵاوی ھەنجیری ووشک لەگەڵ شیر بۆ چارەسەرکردنی بڕینی گەنییو.
- گیراوەی ھەنجیری ووشک باشە بۆ زیادکردنی ڕێژەی میز.
- بۆ زیادکردنی ڕێژەی شیر لە دایکی شیردەر.
- بۆ چارەسەرکردنی خاوبوونی ریخۆڵە (7) ھەنجیری ووشک وورد دەکرێت بۆ چەند بەشێک و تێکەڵاودەکرێت لەگەڵ زەیتی زەیتون لەگەڵ چەند پارچەیەکی لیمۆ و جێ ھێشتنی تێکەڵاوەکە بۆ ماوەی یەک شەو ئینجا پێشی نان خواردن دەخورێت.
- ھەنجیر باشە بۆ بەھێزکردنی منداڵ وھەرزەکار و وەرزشکار و مرۆڤی لاواز.
- گیراوەی سپی (شیری ھەنجیر)ی دەرکراو لە داری ھەنجیر باشە بۆ:
أ- شیری ھەنجیر لەگەڵ گیراوەی گەڵای داری ھەنجیر وەکو مەڵھەم بەکاردێت بۆ کەمکردنی ئازاری مایەسیری پێش نووستن و لەکاتی بەیانیان. ب- وەکو مەڵھەم بۆ چارەسەرکردنی زیبکەی دەموچاو (حب الشباب) و نەخۆشییەکانی گەڕی و صەدەف ڕۆژی (4) جار. ت- بۆ کێشەکانی ھەرسکردن و ناتەواوی سووری مانگانە دەبێت یەک کەوچکی چێشت خۆر لە شیری ھەنجیر (گیراوەی سپیی ئاوی دارەکە) لەگەڵ دوو کەوچکی ھەنگوین تێکەڵاو دەکرێن لە ناو یەک کوپی شیر ڕۆژی (4) کەوچک پێشی کاتی سووری مانگانە بە (3) ڕۆژ دەخورێت.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- https://web.archive.org/web/20140517164805/http://kshtwkal.info/
- ماڵپەڕی بەھەشت
- زانیاری لە بارەی ھەنجیر
- [١][بەستەری مردوو]
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ھەنجیر تێدایە. |