Nothing Special   »   [go: up one dir, main page]

بۆ ناوەڕۆک بازبدە

فەزیلەت

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

فەزیلەت (وەرگێڕانەکان: ڕەوشتبەرزی، ئاکارباشی، ڕەندی) چۆناوچۆنیی بەسەرداھەبوونە لە باری ئەخلاق یا زانایی یا تێگەیشتوویییەوە. باوەڕ ئەوەیە کە داچاندنی فەزیلەتەکان و برەوپێدان و وەڕمێنخستنیان خێری بەشەر و قازانجی مرۆڤایەتیی تێدایە و، بەم بۆنەوە، وەکوو ئامانج و مەبەستی دوایین لە ژیاندا دەنرخێندرێن و، لە جێگای بنەڕەتیترین پرەنسیپەکانی بووندا دادەنرێن. لە ئەخلاقیاتی کرداریدا، فەزیلەت بە مانای خوو و خدەی ھەڵبژاردنی ئەو کردەوە و قسانەیە کە ستانداردی ئەخلاقیی بەرز بنوێنن، یانی کردنی ئەوەی دروست و ڕەوایە و نەکردنی ھەر چی ھەڵە و ناڕەوایە.

ئەدەب، ئازایەتی، لەکارزانی، بەبەزەییبوون، دڵاوابوون، عەداڵەت، وەفا، خاکەڕایی و بێدەماری، ڕاستبێژی، سادەیی، سنگفراوانی، پشوودرێژی و، قەبووڵکردنی بەرپرسیارەتی، چەند نموونەیەک لە فەزیلەتەکانن.[١]

وشەکان

[دەستکاری]

وشەی فەزیلەت عەرەبییە و بە مانای بەرزبوونی پایە و بەسەرداھەبوونە.[٢] وشەی virtue کە لە زمانی ئینگلیزیدا بە کار دێ لە بنەڕەتدا بە مانای پیاوەتی و جوامێری و مەردوڕەندییە.[٣] لە کوردیدا ھەندێ جار «ڕەوشتبەرزی» دەوترێ. عەلی نانەوازادەش لە وەرگێڕانی وەھای گوت زەردەشتدا وشەی «ئاکارباشی»ی وەک ھاوسەنگی کوردیی فەزیلەت بە کار بردووە.[٤] ھەروەھا، ئازاد بەرزنجی لە وەرگێڕانەکەی بۆ ھەمان کتێبی نیچە وشەی «ڕەندی»ی بە کار ھێناوە.[٥]

لە یۆنانی کۆندا

[دەستکاری]

فەیلەسووفان ماناگەلی جیاوازیان بۆ فەزیلەت پێشکەش کردووە. سوقرات فەزیلەتی بە ھاوسەنگی مەعریفەت دەزانی، بەو مانایە کە کەسی ئاقڵ ئەوە دەکا کە دەزانێ ھەقە و دروستە. ئەفلاتوون دەیوت فەزیلەتی ھەر شتێ کەماڵی ئەو شتەیە. ئەرەستووش پێی وا بوو کە فەزیلەت دەبێ گرتنی «ڕادەی ناوەڕاست»[تێبینی ١] دەستەبەر بکات.[٦] مەبەست لە ڕادەی ناوەڕاست یا ناوەڕاستی زێڕین[تێبینی ٢] ئەو ڕادەیەیە لە نێوان زۆر و کەمدا کە دڵخواز و پەسەندکراوە. بۆ وێنە، لە ڕوانگەی ئەرەستووەوە، نەترسی و ئازایەتی فەزیلەتە، بەڵام لە ڕادەی ناوەڕاستدا؛ ئەگەر زۆر بێ ئیتر ئازایەتیی پێ ناوترێ و ناوی ھەڵەشەیی و سەرەڕۆیی و تەنانەت گەوجییە، ئەگەریش کەم بێ ترسەنۆکی و نەوێرییە.[٧]

تێبینییەکان

[دەستکاری]
  1. ^ بە فارسی: حد وسط
  2. ^ بە ئینگلیزی: Golden mean یا Golden middle

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ «Virtues - Wikiversity». en.m.wikiversity.org (بە ئینگلیزی). لە 2023-04-02 ھێنراوە.
  2. ^ موکریانی، گیو. فەرھەنگی نۆبەرە.
  3. ^ «virtue | Etymology, origin and meaning of virtue by etymonline». www.etymonline.com (بە ئینگلیزی). لە 2023-04-02 ھێنراوە.
  4. ^ نیچە، فریدریش (2001). وەھای گوت زەردەشت. لەلایەن نانەوازادە، عەلی وەرگێڕدراوە. ھەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی.
  5. ^ بەرزنجی، ئازاد. زەردەشت وەھا دوا. سەردەم.
  6. ^ «بررسی تطبیقی فضیلت از دیدگاه کانت و فارابی».{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: url-status (بەستەر)
  7. ^ ئەرەستوو، ئەخلاقیاتی نیکۆماخۆسی.